داب و نەریتی جێژنی ڕەمەزان لە کوردەواریدا
پنجشنبه، 9 اردیبهشت 1400
داب و نەریتی جێژنی ڕەمەزان لە کوردەواریدا
موسڵمانان دوای مانگێک بەڕۆژوو بوون، دەچنە دیداری یەکتر و گەردن ئازایی لە یەکتر دەخوازن و چێشتی تایبەت لێدەنێن و نوێژی تایبەت دەکەن، ئەو ڕۆژە ڕۆژی جێژنی ڕەمەزانە.

موسڵمانان بە پێی ئەرکێک کە خودا لە قورئاندا لەسەریان فەرزی کردووە، لە ساڵدا یەک مانگی بەڕۆژوو دەبن. ئەو مانگە لە هەر وەرزێکی ساڵ بێت و بە هەر چەند کاتژمێر ئەبێ بەڕۆژوو بن و خۆیان ببوێرن لە خواردن و خواردنەوەی هەر شتێک. تەنانەت موسڵمانان لە هەر شوێنێک لەسەر گۆی زەویەوە بن ڕۆژوو گرن لەسەریان فەرزە، بە هەر چەند کاتژمێرێکەوە. موسلمانانی باکووری گۆی زەوی بەپێی ئەوەی کە شەش مانگیان ڕۆژگاری درێژە و شەش مانگیان شەوگاری درێژە هەندێک جار ئەبێ نزیک بە 20 کاتژمێر بەڕۆژوو بن.

فەرز کردنی ڕۆژوو لە سەر موسڵمانان هەر ئەو جۆرە کە خودا لە قورئاندا هێناویە هۆکاری جیاوازی هەیە، لەوانە پشوودان بە جەستە لە زۆر بوارەوە، تێگەییشتن لە نەداری هەژاران و چینی دەست نەڕۆیشتووی کۆمەڵگا، ڕاهێنانی جەستە بە دۆخی سەخت و هتد کە هەموویان لە باری پزیشکیشەوە پشت ڕاست کراونەتەوە.

لە ئەو مانگەدا جودا لە بەڕۆژوو بوون موسڵمانان هەول دەدەن بۆ کاری خێر لەوانە تێر کردنی هەژاران و خوێندنی نوێژی تەراوێح و دانیشتن و دۆعا و نزا کردن لە شەوانی قەدر و ... .

ڕۆژەی عەرەفە

دوایین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بە ناوی ڕۆژی عەرەفە دەناسرێت کە لە نێو فەرهەنگی کوردەواریدا خەڵک لە ئەو ڕۆژەدا خۆیان بۆ ڕێوڕەسمی جێژنی ڕەمەزان ئامادە دەکەن و جلی ڕێکوپێک لەبەر دەکەن، ئامادەکاری بۆ لێنانی خۆراکی تایبەت دەکەن، خەڵکی داوەت دەکەن بۆ ماڵی خۆیان و ... .

ڕۆژی جێژن

کە مانگی ڕەمەزان بوو بە 30 ڕۆژ و تەواو بوو، ڕۆژێک دوای ئەوە دەبێتە جێژنی ڕەمەزان موسڵمانان لە ئەو ڕۆژەدا پێش لە هەر شتێک بە خاوێنی و جلی ڕێکوپێکەوە دەچنە مزگەوت و نوێژی تایبەتی جێژن دەکەن و لە کۆتاییدا دەست لە ملی یەک دەکەن و گەردن ئازایی لێک دەخوازن.

خەڵکێکی تریش کە لە باری جەستەییەوە توانی ڕۆشتن بۆ مزگەوتیان نییە یان منداڵان هەر بە دەنگی ئەڵاهوئەکبەر وتنی مامۆستای مزگەوتەکان بەخەبەر دێنەوە و دەزانن کە ئەوا جێژنە.

ژنانیش هەر لە شەوی پێشەوە چێشتی تایبەتی جێژن لێدەنێن و بۆ نانی بەیانی لە ئەو چێشتە تایبەتە دەخۆن و دوای ئەوە ئیدی دەست دەکەن بۆ چوون بۆ ماڵ دراوسێ و جیرانەکان و خزم و کەسوکاریان بۆ جێژن موبارەکی و گەردن ئازایی.

قەوڵاندنی سەرفیترە

یەکێکی تر لە ئەو شتانە کە خودا لە سەر موسڵمانان فەرزی کردووە سەرفیترەیە. بە پێی ئەوەی کە خودا فەرمانی داوە هەر بنەماڵەیەکی ئاسایی ئەبێ بە ژمارەی ئەندامانی بنەماڵەکەی و پێی هەڵاوسان هەر ساڵە پارەیەک بدەنە چینی هەژار بۆ دابین کردنی ژەمێکی خۆراکیان.

هەمووی ئەو ڕێوڕەسمانە لە ناوچە کوردەوارییەکان تا دوو پێش بەتواەوتی بەڕێوە دەچوون بەڵام ئەمە دوو ساڵە کە بەهۆی تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، خەڵکی خۆیان دەبوێرن لە سەردانی کەسوکار و تەنانەت خوێندنی نوێژی جێژن لە مزگەوتەکان یان بەڕێوە ناچێت یان بە شێوەی تایبەت و بەلەرچاوگرتنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بەڕێوە دەچێت.

نویسنده: خبات ساعدی
چاپ خبر
اخبار مرتبط